نه‌بوونی بینا یه‌كێكه له كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی زۆربه‌ی فه‌رمانگه حكومیه‌كانی سنووری قه‌زای پشده‌ر، بۆته‌هۆی ئه‌وه‌ی كاروباری فه‌رمانگه‌كان له‌و ناوچه‌یه‌دا وه‌ك پێویست به‌ڕێوه نه‌چێت، لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان خوازیارن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و گرفته‌یان بۆ چاره‌سه‌ر بكات.
فه‌رمانگای دارایی داواكاری هه‌یه
ڕۆژانه ژماره‌یه‌كی زۆری هاوڵاتیانی قه‌ڵادزێ و ده‌وروبه‌ری، بۆ ڕاپه‌ڕاندنی مامه‌ڵه‌ی یاسایی خۆیان سه‌ردانی فه‌رمانگه‌ی دارایی پشده‌ر ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و فه‌رمانگه‌یه تائێستا بینای تایبه‌تی خۆی نییه، له‌ناو بینای قائیمقامیه‌تدا كاره‌كانیان ڕاده‌په‌ڕێنن، لێپرسراوی فه‌رمانگه‌كه داوا له وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كات بینایه‌كی تایبه‌ت به فه‌رمانگه‌كه‌یان بۆ دروست بكرێت.
عه‌زیز بابه‌كر مسته‌فا لێپرسراوی فه‌رمانگه‌ی دارایی پشده‌ر وتی: "فه‌رمانگه‌كه‌مان ڕۆژانه به‌شێوه‌یه‌كی جددی كاروباری هاوڵاتییان ڕاده‌په‌ڕێنێت، كاری سه‌ره‌كیمان كۆكردنه‌وه‌ی باجی خانووبه‌ره و وه‌رگرتنی داهاتی فه‌رمانگه‌كان و چاودێریكردنی ژماره‌یه‌ك له‌پیشه‌وه‌رانی ناو بازاڕه، بۆ ڕاییكردنی كاره‌كانیشمان زیاتر له‌بیست كارمه‌ندمان بۆ دابینكراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنجه تائێستا له‌بینای قائیمقامییه‌تی قه‌زای پشده‌ردا كاروباری هاوڵاتیان ڕاده‌په‌ڕێنین، ئه‌مه‌ش گرفتی بۆ دروستكردووین و پێویستیمان به بینایه‌كی تایبه‌ت به خۆمان هه‌یه، داواكارین له وه‌زاره‌تی دارایی، بینایه‌كی تایبه‌ت به‌و فه‌رمانگه‌یه له قه‌ڵادزێ دروست بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی باشتر كاروباری هاوڵاتییان ڕابپه‌ڕێنین.
نووسینگه‌ی شه‌هیدانی قه‌ڵادزێ بێ بینایه
یه‌كێكی تر له‌و فه‌رمانگانه‌ی پشده‌ر كه گرفتی نه‌بوونی بینای هه‌یه، نووسینگه‌ی شه‌هیدانی قه‌ڵادزێیه، به‌پێی لێدوانی ئیسماعیل مه‌حمود لێپرسراوی نووسینگه‌ی ناوبراو، له‌و نووسینگه‌یه‌دا نزیكه‌ی (650) شه‌هیدی سه‌نگه‌ر و (300) شه‌هیدی هاوڵاتی ناویان تۆماركراوه، به‌پێی توانا كاری ئه‌و هاوڵاتیانه جێبه‌جێ ده‌كرێن كه ڕۆژانه سه‌ردانیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام گرفتی سه‌ره‌كییان نه‌بوونی بینایه‌كی تایبه‌ته، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفته به نووسراو داوایان له وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان كردووه كه وه‌ك سه‌رجه‌م فه‌رمانگه و داموده‌زگا حكومیه‌كانی تر له ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستاندا، بینایه‌كی تایبه‌تیان بۆ بكه‌نه‌وه، له‌گه‌ڵ دابینكردنی كه‌لوپه‌ل و پێداویستی تر بۆ به‌ڕێوه‌چوونی كاره‌كانیان، به‌ڵام تائێستا وه‌ڵامیان نه‌دراوه‌ته‌وه.
بیناكه‌یان كۆنه
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی به‌رگری و فریاكه‌وتنی پشده‌ر، به‌هۆی كۆنی بیناكه‌یانه‌وه، داوا له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، بینایه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان دروست بكرێت. له‌و بینایه‌ی ئێستای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌یاندا، ڕۆژانه كاروباری شه‌ش سریه و (727) پۆلیس به‌ڕێوه‌ده‌برێت. چه‌ند جارێك نووسراو ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كراوه، به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی بینایه‌كی تایبه‌ت بۆ ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه، به‌ڵام جێبه‌جێ نه‌كراوه.
زانكۆ له بینای خوێندنگادا
له ڕووی په‌روه‌رده‌ییشه‌وه، كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی قه‌ڵادزێ، تائێستا بینایه‌كی گونجاوی تایبه‌ت به‌خۆی نییه، ئیداره‌ی كۆلێژه‌كه داوا له‌سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، بینایه‌كی تایبه‌تیان له قه‌ڵادزێ بۆ دروست بكرێت.
هه‌روه‌ك دكتۆر (حسێن غازی) ڕاگری كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی قه‌ڵادزێ باسیكرد، بینای كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی قه‌ڵادزێ هیچ تایبه‌مه‌ندییه‌كی زانكۆی تێدا نییه، خوێندكاران ناتوانن ئامانجه‌كانی خۆیان له‌و بینایه‌دا بپێكن، چونكه ئه‌و بینایه كاتی خۆی بۆ ئاماده‌یی دروستكراوه نه‌ك بۆ زانكۆ، به‌هۆی نه‌بوونی شوێن، ناچاربوون خوێندكارانی كۆلێژه‌كه ڕه‌وانه‌ی ئه‌و بینایه بكه‌ن. ناوبراو داوای له ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد، پرۆژه‌ی دروستكردنی بینای كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی قه‌ڵادزێ له زووترین ماوه‌دا بخرێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، كه پێشتر به‌ڵێندرابوو له بودجه‌ی 2010 بڕێك پاره‌ی بۆ ته‌رخان بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی خوێندكاران و ئیداره‌ی ئه‌و كۆلێژه بتوانن به باشترین شێوه كاره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن.
هاتۆچۆش بینای پێویسته
بۆ باشتر به‌ڕێوه‌چوونی كاروباری ڕۆژانه‌ی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی سه‌ردانیان ده‌كه‌ن، بنكه‌ی مۆڵه‌تی شۆفێری قه‌ڵادزێ، داوای بینایه‌ك ده‌كات. ملازمی یه‌ك (كارزان عه‌بدوڵڵا) لێپرسراوی بنكه‌ی مۆڵه‌تی شۆفێری قه‌ڵادزێ، بۆ ئاسۆ وتی: "بنكه‌ی مۆڵه‌تی شۆفێری قه‌ڵادزێ، ماوه‌ی نزیكه‌ی چوار ساڵه وه‌ك به‌شێك له بنكه‌ی هاتوچۆی قه‌ڵادزێ كراوه‌ته‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تادا هیچ جێگایه‌كمان نه‌بووه، قائیمقامی قه‌زای پشده‌ر له‌ناو بینای قائیمقامییه‌تدا دوو ژووری بۆ دابینكردووین. هه‌روه‌ها ناوبراو وتی: له ئێستادا، ڕۆژانه ژماره‌یه‌كی زۆری هاوڵاتییانی سنووری قه‌زای پشده‌ر سه‌ردانمان ده‌كه‌ن، به‌هۆی بچووكی شوێنی كاركردنمانه‌وه ناتوانین كاره‌كانمان به‌پێی پێویست به ئه‌نجام بگه‌یه‌نین، له‌به‌رئه‌وه كێشه و گرفتی زۆرمان بۆ دروستبووه.
لێپرسراوی بنكه‌ی مۆڵه‌تی شۆفێری قه‌ڵادزێ، داوا له وه‌زاره‌ت و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كات، بینایه‌كیان بۆ دروست بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن خزمه‌تی زیاتر به هاوڵاتیانی سنووره‌كه‌یان بكه‌ن.
ته‌ندروستی له شوێنێكی نه‌گونجاودایه
له ناحیه‌ی سه‌ركه‌پكانیش، مه‌ڵبه‌ندی ته‌ندروستی سه‌ركه‌پكان تائێستاش له‌ناو بینایه‌كی بچووك و نه‌گونجاودا كاره‌كانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، بیناكه هی ئه‌و كاته‌یه كه سه‌ركه‌پكان گوند بووه و بنكه‌ی ته‌ندروستی تیادا بووه، بینایه‌كی بچووكه و له چه‌ند ژوورێك پێكهاتووه، له‌گه‌ڵ چه‌ند ئامێرێكی سه‌ره‌تایی پزیشكی. له‌و ڕووه‌وه دانیشتوانی سه‌ركه‌پكان خوازیارن بینایه‌كی شیاو و چه‌ندین ئامێری وه‌ك تیشك و هێڵكاری دڵ و ئۆتۆمبێلی گواستنه‌وه بۆ نه‌خۆشخانه‌ی شارۆچكه‌كه‌یان دابین بكرێت.
پشده‌ر - كامه‌ران عه‌بده ساڵح
له خه ندان وه رگیراوه